لە دوو پارێزگای کوردستاندا قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژی سێزدەبەدەر ڕاگەیەندرا

13:15 - 9 خاکەلێوه 2721

بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چوونە دەرەوەی هاووڵاتییان لە دوو پاڕێزگای ورمێ وکرماشان، بۆ سێزدەبەدەر، قەدەغە کرا.

جێگیری سیاسیی_ئەمنییەتیی و کۆمەڵایەتیی پاڕێزگای ورمێ ڕایگەیاند: "بەپێی بڕیاراتی ستادی میللیی نەخۆشیی کۆرۆنا، هەر جۆرە کۆبوونەوە و چوونەدەرەوە لە ڕۆژی سێزدەبەدەر قەدەغەیە".

عەلی مستەفەوی، ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا، لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیرنا" ڕایگەیاند: "دەبێت خەڵک ئاگاداری ئەوە بێت کە کۆبوونەوە لە دەوری یەک لە شوێنە گەشتیاری و سەوزەڵانییەکاندا، لە ڕۆژی سروشت، قەدەغەیە و دەزگاکانی بەڕێوەبەری بەپێی یاسا لەگەڵ سەرپێچیکەران هەڵسوکەت دەکات".

بەپێی دوایین ئاماری ستادی میللیی بەڕێوبەری نەخۆشیی کۆرۆنا لە ورمێ، دۆخی ئەو شارە پێی ناوەتە قۆناغی سووری کۆرۆنایی.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای کرماشان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوە ڕایگەیاند: بەهۆی دۆخی کۆرۆنایی بوونی پارێزگای کرماشان، هاتوچۆ بۆ تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان و سەیرانگاکانی ئەو پارێزگایە قەدەغەیە".

مێهدی محەممەدی، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، هەروەها ڕێورەسمە ئاینییەکان، هسترەکان (استخرەکان)، یانە وەرزشییەکان و بازاڕچەی جوانڕۆ هەتا ڕۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوە دادەخرێت.