لە دوو رۆژدا لە سووریە 117 هاووڵاتی بوونە قوربانی

20:00 - 20 رێبەندان 2711
كوردپا: شارە جۆراوجۆرەكانی سووریە بەردەوام شایەتی كوشتنی هاووڵاتییانی ناڕازین، ئەمڕۆ و دوێنێ‌ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی سووریە، 117 كەس لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریەوە كوژراو و بریندار بوون.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە نێت بڵاوی كردەوە، هێزە ئنیزامییەكانی سووریە لە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆوە هێرش و تۆپباران بۆ سەر گەڕەكی باباعەمر لە شاری حەمسیان دەست پێكردۆتەوە كەلە ئەنجامدا تەنیا لەو شارە 31 كەس كوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە بەهۆی تۆپ و خومپارەوە 20 ماڵی هاووڵاتییان لە گەڕەكی باباعەمر بە تەواوەتی خاپوور بوون و بە وتەی خاچی سووری ئەو وڵاتە، بەهۆی توندوتیژیی زۆر نەیانتوانی بڕۆنە ناو ئەو گەڕەكەوە و هێرشی تۆپیبارانی ئەرتش هەر بەردەوامە.

شایەتحاڵان و چالاكانی مافی مرۆڤ لە سووریە ناوچەی باباعەمری شاری حەمسیان بە قەیراناوی وەسف كردووە كە بەهۆی كەمیی دەوا و دەرمان، زۆرێك لە بریندارانی هێرشی دوێنێ‌ لەگەڵ مەترسیی مەرگ بەرەوڕوون.

جیا لە گەڕەكی باباعەمر، بۆردومانەكان لە گەڕەكەكانی: \"ئینشائات، ئەلخادەیە، ئەلبیازە و جورەلشەیاخ\"یش روویان داوە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە شۆرای شۆڕشی سووریە سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاندووە كە ژمارەی كوژراوەكانی ئەمڕۆ و دوێنێ گەیشتوونەتە 117 كەس كە لەو ئامارە تەنیا لە شاری حەمس 93 كەس كوژراون.