لە بۆکان دوو هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

17:34 - 6 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەمزین محەممەدی" خەڵکی گوندی "ئاڵیکەند" سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ‌ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کردووە.

هەروەها لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هاووڵاتییەکی دیکەیان بە ناوی "ئەنوەر مەلەکی" خەڵکی شاری بۆکان دەسبەسەر کردووە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگواستووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

وێنە: شەمزین محەممەدی