لە ئانکارا بە تەور هێرش کرایە سەر کۆمیساریای باڵای پەنابەران+وێنە

15:07 - 27 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە پەنابەرە سیاسییەکانی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی پەنابەران‌دا، لە بەردەم کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای مانگرتنی سێ رۆژەی پەنابەرە کوردەکان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا و جێبەجی نەکرانی بەڵێنییەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەران، ژمارەیەک پەنابەری سیاسی لە رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیەوە مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو پەنابەرانە، کە تووشی \"دۆخی خراپی ژیان و رۆحی‌\" بوونە، سەبارەت بە بەڵێنییە جێبەجێ نەکراوەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا ناڕازین.

لە بەیانییەی مانگرتوان‌دا هاتووە: \"ئێمە کۆمەڵێک پەنابەری سیاسیی کوردی ئێرانین، کە ئێستا لە تورکیاین و هەر کام لە ئێمە ماوەی چەندین ساڵە دۆسیەی پەنابەرانییەکەمان لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە تورکیا وەرگیراوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا رەوانەی وڵاتی سێیەم نەکراوین.

پەنابەران داوایان لە میدیاکان، ناوەند و کەسایەتییە چالاکەکانی بواری مافی مرۆڤ کردووە، کە دەنگی ئەوان بە گوێی لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنن و پشتیوانیان لێ بکەن.

یەکێک لەو ناڕازییانە کە هاووڵاتیی ئەفغانی بووە، بە تەور هێرشی بردۆتە سەر دەفتەری کۆمیساریای باڵای پەنابەران لە شاری ئانکارا و دەگوترێت، ناوبراو سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممەوە لە بەردەم دەفتەری کۆمیساریادا چاوەڕیی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمیساریای باڵای پەنابەران بووە، بەڵام نیگابانانی ئەو ناوەندە هیچ وڵامێکیان پێ نەداوەتەوەو لە ئەنجامدا هێرشی کردۆتە سەر دەفتەری کومیساریای باڵای پەنابەران.

چەند مانگ پێش ئێستا، یەکێک لە پەنابەرە سیاسییە کوردەکان بەناوی \"رەزا ئەحمەدی\" کە چەندین ساڵ چاوەڕێی رەوانە کران بۆ وڵاتی سییەم بوو، بەهۆی بێ وڵامیی کومیساریای باڵای پەنابەران و فشاری دەروونی‌یەوە تووشی نەخۆشی و تێکچوونی باری جەستەیی هاتبوو، کەلە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤دا لە شاری کاستامانۆی تورکیە تووشی جەڵتەی دڵ ببوو و لە ئەنجامدا بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت هەنووکە نزیک بە ٥٠٠ پەنابەری سیاسیی کورد خەڵکی کوردستانی ئێران لە تورکیا دەژین.

رۆژی ٢٠ی ژوئەن، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو رۆژی جیهانیی پەنابەری ناودێر کراوە.
\"20579.jpg\"

\"20578.jpg\"

\"20577.jpg\"

\"20576.jpg\"

\"20585.jpg\"

\"20586.jpg\"