لێدانی کرێکارێکی تەمەن ٧٠ ساڵەی خەڵکی شاباد لەلایەن شارەداری ئەو شارە

13:32 - 6 پووشپەڕ 2721

شۆفیری کۆکردنەوەی پاشماوە و زبڵ و خاشاکەکانی شارەداریی شاری شاباد، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، باسی لێدانی خۆی لەلایەن بەرپرسی شارەداریی ئەو شارەوە کردووە.

ئەو شۆفیرە تەمەن ٧٠ ساڵەیە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، دەری دەخات کە لەلایەن شارەدارەوە بە ناوی "عەلی حەمیدی‌تەبار" بە مست لێی دراوە.

ئەو کرێکارە هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "شارەداری شاباد بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی زبڵ و خاشەکەکان لە ڕێگا، هێرشی کردووەتە سەر من و بە مستەکۆڵە بەربووەتە ڕووخسارم و تەنانەت هاوکارەکانیشی هێرشیان کردووەتە سەرم".

ئەو شۆفیرە هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵیت: "پاش لێدانی من، شارەدار لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهات و دواتر تەلەفۆنی بۆ سەرکرێکارەکەم لێ دا و منیان لەسەر کارەکەم دەرکرد و ماوەی سێ مانگە یارمەتیم وەرنەگرتووە".

ئەو کرێکارە تەمەن ٧٠ ساڵەیە هەروەها دەڵێت: "من داوای بەدواداچوونبۆ ئەو ڕووداوە لە بەرپرسان دەکەم و هەروەها لەسەر ئەو ڕووداوە چەند کەسێک شایەتحاڵم هەیە".

هەرچەند ئەو کرێکارە، سكاڵای لەسەر شارەداری شاری شاباد تۆمار کردووە، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی شارەداری لەسەر ئەو ڕووداوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.