لێخۆشبوونی نەتەوەیی: بەرپرسانی ئێران کۆتایی بێنن بە شاردنەوە و داسەپاندنی ڕەنج و ئازار بەسەر بنەماڵەی ئێعدام کراوەکان

10:56 - 20 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی، شاردنەوەی بەئەنقەستی شوێنی بەخاکسپاردنی "ڕامین حوسێن ‌پەناهی، زانیارمورادی و لوقمان مورادی" بە پێشێلکاری مادەی ١٩ی ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی دەزانێت.

ئەو ڕێکخراوەیەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە: "بەرپرسان ئێرانی بە شاردنەوەی بەئەنقەستی شوێنی بەخاکسپاردنی ڕامین حوسێن‌ پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی، بنەماڵەکانیان ئەشکەنجەی دەروونی دەکات".

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "نهێنیکاری لەمەڕ شوێنی بەخاکسپاردن و هەروەها پێشێلکاریی مافی گەڕانی بنەماڵەکان، وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەو بارەیەوە، مافێکە کە لە مادەی ١٩ی ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسی، پێداگریی لەسەر کراوە".

ئەو ڕێکخراوەیەی مافی مرۆڤ هەروەها دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی شوێنی بەخاکسپاردنی ئەوان دەشارێتەوە، تەنانەت بنەماڵەی ئێعدام کراوەکانیان لە بەڕێوەبردنی سەرەخۆشی و ئەو ڕێوڕەسمانەی کە ئەوان باوەڕیان پێیەتی بێبەری کردووە، ئەمە نیشانەی پێشێلکردنی مادەی ١٥ی ڕێکەوتننامەی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە کە ئێران لەو ڕێکەوتننامەیەدا ئەندامە".

ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، "زانیار مواردی، لوقمان مواردی و ڕامین حوسێن ‌پەناهی"، سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دران.