لێبووردنی نێونەتەوەیی: یاسای پێشنیارکراو لە ئێران، دەیان سال مافەکانی ژنان بەرەو دواوە دەبات

19:33 - 20 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: مەجلیسی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی پەسند کردنی کۆمەڵێک یاسادایە کە دامەزران و وەرگیرانی ژنانی سەڵت لە ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتییەکاندا بەرەوڕووی گرفت دەکاتەوە و ئەمەش پەرچەکرداری ناوەندیکی نێونەتەوەیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کەلە رێگەی پەسندکردن و چەسپاندنی هێندێک یاساوە لە هەوڵی \"پەرە پێدانی فەرهەنگێکی مەترسیدار لەنێو کۆمەڵ\"دایە.

بڕیارە دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران گەلاڵەیەک لەژێر ناوی \"گەڵاڵەی پەرەپێدانی کۆمەڵ و بنەماڵە\" لە مەجلیسی ئیسلامیدا بخاتە \"بەر دەنگدان\" و پەسندی بکات.

جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە لێدوانێکدا بە هەواڵدەریی ئاڵمانی راگەیاندووە: \"لەو گەڵاڵەیەدا، مافی رەوای ژنان لەوان زەوت دەکرێ و لەبری ئینسانێکی خاوەن ماف سەبارەت بە جەستە و ژیانی خۆی، دەکرێتە ماشێنی بەرهەمهێنانی منداڵ\".

\"25343.jpg\"
حەسیبه حاج سەحراوی: لەو گەڵاڵەیەدا، مافی رەوای ژنان لەوان زەوت دەکرێ و لەبری ئینسانێکی خاوەن ماف سەبارەت بە جەستە و ژیانی خۆی، دەکرێتە ماشێنی بەرهەمهێنانی منداڵ
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە رۆژی جیهانیی ژناندا راپۆرتێکی سەبارەت بە رەوشی ژنان لە ئێران بڵاو کردبوویەوەو تیایدا لەگەڵ دوو کەس لە چالاکانی ژنان دیمانەی پێکهێنابوو.

پێشتر لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، ماڵپەڕی مەجلیسی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران رایەگەیاندبوو کە لە ئەگەری پەسندکردنی گەڵالەی حکوومەتی ئیسلامی لە مەجلیس، لە ئیدارە و ناوەندە حکوومی و ناحکوومییەکاندا پیاوانی خێزاندار و خاوەن منداڵ، زووتر لە پیاوانی خێزانداری بێ منداڵ و ژنانی منداڵدار و ژنانی بێ منداڵ دادەمەزرێن.

گەلاڵەی \"پەرەپێدانی کۆمەڵ و بنەماڵە\"، دوابەدوای وتەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری دەوڵەتی ئیسلامی لەمەڕ زیادکردنی حەشیمەتی وڵاتی ئێران بۆ ١٥٠ ملوێن کەس، هاتۆتە گۆڕێ.

نزیک بە ٦٥٠ چالاکی مافە مەدەنییەکان لە ئێران لە نامەیەکدا کە لە ناوەڕاست مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوودا بڵاو بوویەوە، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بە گەڵاڵەی زیادکردنی حەشیمەت، داوایان لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی کردبوو کە دەنگ بەو گەڵاڵەیەش نەدەن.