لێبووردنی نێونەتەوەیی: تەندروستیی زیندانیی عەقیدەتی حامید قەرەئۆغڵانی لە مەترسیدایە

12:33 - 23 رێبەندان 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕایگەیاندووە کە تەندروستیی "حامید قەرەئۆغڵانی"، زیندانیی عەقیدەتیی بەندکراو لە زیندانی ورمێ لە مەترسیدایە و پێویستی خێرای بە چاوەدێری پزیشکیی پسپۆڕانە هەیە.

لەو بانگەوازەدا هاتووە، حامید قەرەئۆغڵانی، زیندانیی عەقیدەتیی تەمەن ٣٤ ساڵ کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەیکە نەخۆشیی گەشکەی (صرع) هەیە، پێویستی خێرای بە چاوەدێری پزیشکیی پسپۆڕانە هەیە و ئەو نەخۆشییە، ئەگەر چارەسەری پزیشکیی بۆ نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی تەشەنوجگەلێکی مەترسیدار.

لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩، بەرپرسانی زیندان لە دانی ئەو دەرمانانە کە پێویست بوو حامید بیانخوات و ئەویش لەلایەن بنەماڵەکەی کە بە بەردەوامی دەیانکڕی و ڕادەستی زیندانیان دەکرد، خۆیان بواردووە. هەروەها بەرپرسانی زیندان، لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندی دەرمانیی پسپۆڕانە لە دەرەوەی زیندان کە پێویست بوو بە بەردەوامی هەر شەش مانگ یەک جار پشکنینی مێشک و ئەعسابی بۆ ئەنجام بدرێت، خۆیان بواردووە.

لە بەشێکی دیکەی بانگەوازی لێبووردنی نێونەتەویدا هاتووە: دادگای ئینقلابی ورمێ، حامید قەرەئۆغڵانیی لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩، پاش دادڕەسییەکی نادادپەروەرانە کە تەنیا دادگایەکی ١٠ خولەکی بوو بە ١٤ ساڵ و ١ مانگ زیندان مەحکووم کرد. لەو خاڵانە کە دادگا لە سەپاندنی ئەو حوکمە ئاماژەی پێکردووە، نووسینەکانی حامید قەرەئۆغڵانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندایە کە لەو نووسراوەدا، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی بە گەندەڵیی ماڵی تۆمەتبار کردووە و هەروەها پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ کەسانێک کە بەپێی ئیدعای بەرپرسان، لایەنگرانی ڕێکخراوی مجاهدینی خەلقی ئێران بوونە و ناوبراویان بە دڕاندنی وێنەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی سپای پاسداران، قاسم سلێمانی (کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئامریکا لە عێراق لە ژانویەی ٢٠٢٠ کوژرا) "هەڵخەڕاندووە".

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها ڕایگەیاندووە: ئەو تۆمەتانە کە لە دادگا دراوەتە پاڵ حامید قەرەئۆغڵانی بریتین لە: "بێڕێزی بە ڕێبەر،"، "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" و "ئەندامبوون لە گرووپێک کە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەستی داوەتە هەوڵی چەکدارانە". نابراو ئەو تۆمەتانەی کە دادگا بە سەریدا سەپاندوو ڕەد دەکاتەوە و "دانپێدانانێک" کە بە وتەی خۆی لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و ڕەوانیدا و بەبێ ئەوەیکە دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر بووبێت، لێی وەرگیراوە، ڕەدی کردووە.