لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئەگەری لەسێدارەدانی زیندانییەكی سیاسیی كورد لەئارادایە

13:26 - 19 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دەركردنی بەیاننامەیەك لەئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی سێدارەی سامان نەسیم زیندانی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی ورمێ‌نیگەرانی دەربڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی حوكمی سێدارەی سامان نەسیم پەرچەكرداری نیشان داوە و لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بە مەبەستی پێشگری لە جێبەجێ‌كرانی ئەو حوكمە داواكارین كە هەر كەس و لایەنێك بە پێی تواناكانی خۆی هەوڵەكانی خۆی وەگەڕ بخات.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبەیاننامەكەدا باسی لەوە كردووە، سامان نەسیم زیندانی سیاسیی كورد لەكاتێكدا دەستبەسەر كراوە كە تەمەنی كەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و حوكمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە، ئەو هاووڵاتییە كوردە لە ساڵی ٢٠١١دا لە دادگادا دانی بەوەدا ناوە كە تەقەی لەهێزەكانی سوپای پاسداران كردووە و وتوویەتی ئەو تەقە كردنە هەوایی بووە و لە ژێر ئەشكەنجەدا ناچار كراوە دان بە تاوانەكەیدا بنێت، نەسیم باسی لەوەش كردووە\" من لە بوونی پارێزەر بێبەری كراوم و لەماوەی دەستبەسەریشمدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەردەوامی بە شێوەی سەراوبن هەڵواسراوم.

داواكارییەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی:
\"24616.jpg\"
ـ پێویستە بەرپرسان بەڵێنی راگرتنی حوكمی سێدارەی سامان نەسیم بە هاووڵاتییان بدەن و دواتر لە دادگایەكی دادپەروەرانەدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێ‌.
ـ پێویستە ئێران بزانێ‌كە هەر دوو رێكەوتنامەی مافە مەدەنی و سیاسیەكانی منداڵانی واژۆ كردووە و دەبێ‌لەو بوارەدا كەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بەپێی ئەو رێكەوتنامەیە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكرێت.
ـ داوا لە بەرپرسان بكرێ‌كە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاغای نەسیمدا بكرێ‌و هەروەها لەسەر وتەكانی ناوبراو سەبارەت بەوەی كە لەژێر ئەشكەنجەدا دانی بە تۆمەتەكەیدا ناوە لێكۆڵینەوە بكرێت.

ئەو رێكخراوەیە داوای لە هاونیشتمان كردووە كە داواكارییەكانی خۆیان هەتا رێكەوتی ٢٠ی مارس پێشكەش بە عەلی خامنەیی، سادق لاریجانی و حەسەن روحانی بكەن.

سامان نەسیم كوڕی فایەق، لەهاوینی ١٣٩٠ كاتێک كە تەمەنی كەمتر لە ١٨ ساڵ بوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی \" موحاربە و ئەندامیەتی لە حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران\"‌دا بە سێدارە حوكم درا و دوای پشتڕاستكردنەوەی حوكمەكەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، هەنووكە لە بەندی ١٢ زیندانی ورمێ‌لە دەستبەسەریدایە.

بڕینەوەی حوكمی سێدارە بۆ ئەو هاووڵاتییە كوردەی خەڵكی مەریوان لەحاڵێكدایە كە لەكاتی دادگایی كردنیدا تەمەنی یاسای خۆی تێپەڕ نەكردبوو.