لاوێکی دەستبەسەرکراوی سنەیی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

14:35 - 9 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، بە سپاردنی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەهرام فەرهادی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی ١٠٠ ملوێن تمەن لە زیندان ئازاد کرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەهرام بۆ ماوەی ١ حەفتە لە ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییەدا بوو.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەو لاوە کوردە پاش ماوەیەک راگیران لە زیندانی سنە، بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی دادگەیی کرانی، ئازاد کراوە.

هەتا ئێستا تۆمەت و هۆکاری دەستبەسەر کرانی شەهرام فەرهادی، بۆ هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.