لانیکەمی داهاتی ئاخوندێک چەندە؟

21:22 - 10 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: حەقدەستی مانگانەی ئاخوندێکی لاو و تازە پێگەیشتوو زیاتر لە یەک میلیۆن تمەنە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی \"پارسینە\"، زۆربەی ئاخوندەکان دوای تەواوکردنی وانەکانی حەوزە، سەرقاڵی وانە وتنەوە لە قوتابخانەکان و زانکۆکان، دادوەری، پارێزەری، و دەفتەرداری بەڵگەنامەکان و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دەبن.

شەهریە(مانگانە)ی تەڵەبەیی ئاخوندەکان، هەتا ئەوکاتەی کە پەیوەندییان لەگەڵ \"حەوزەی عیلمیە\" هەیە، لە بەینی ١٠٠ هەتا ٣٠٠ هەزار تمەن مەزەندە دەکرێت.

لە تەنیشت ئەو پیشە فەرمییانەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە، \"مزگەوت\" یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی داهاتی ئاخوندەکان و تەڵەبەکان بەئەژمار دێت.

زۆربەی ئاخوندەکان پێشنوێژیی یەکێک لە مزگەوتەکانیان لە ئەستۆیە و هەر بەو هۆیەشەوە بڕە پارەیەک وەکوو بژیوی ژیان، لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی کاروباری مزگەوت لە لایەن \"لێژنەی پیاوە ئەمینەکانی مزگەوەت\"ەوە وەردەگرن.

ئەو کارەش تەنیا بۆ نوێژی بەکۆمەڵی ئێوارە و شەوە و بە شێوەی نێونجی بۆ بەرنوێژی کردنی نوێژی ئێوارە و شێوان، لەئێستادا ٥٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن.

بەڕێوەبردنی نوێژی نیوەڕۆ و ئێوارە لە کۆمپانیا و ئیدارە حکوومەتییەکان، یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی داهاتی ئاخوندەکان بەئەژمار دێت. لە ئێستادا بڕەپارەیەک لەژێر ناوی \"حق القدم\" و بژیوی ژیان لەباتی بەڕێوەبردنی نوێژی نیوەڕۆ و ئێوارە بە ئاخوندەکان دەدرێت کە نزیکەی ٥٠٠ هەزار تمەنە.

گوتارخوێنیی و وتنەوەی \"احکام\" لە نێوان و یان دوای نوێژی نیوەڕۆ و ئێوارە لە چالاکییە لاوەکییەکانی ئاخوندەکان بەئەژمار دێن.

\" نوێژ و ڕۆژی قەزا\" یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی داهاتی ئاخوندەکان بەئەژمار دێت. لەئێستادا باوە کە یەک ساڵ نوێژ و ڕۆژی قەزابووی کەسێک کە مردووە و میراتگرەکەی بە کەسێکی دیکەی دەسپێرێ هەتا بەجێی بگەیەنێت، بەشێوەیەکی نێونجی یەک میلیۆن و پێنج‏سەد هەزار تمەنە کە ٩٠٠ هەزارتمەنی بۆ نوێژی نەکراوی ساڵێکە و ٦٠٠ هەزار تمەنیشی بۆ ڕۆژووی ٣٠ ڕۆژ دەدرێت. نوێژ و ڕۆژووی قەزا زۆرجار لە ماڵی \"مراجع تقلید\"، حەوزە عیلمییەکان و مزگەوتەکان دەدرێت.

زۆربەی خەڵک لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئاخوندەکان نوێژ و ڕۆژی خۆیان دروست بەجێ دێنن و هەربۆیە نوێژ و ڕۆژووی قەزابووی خۆیان بە ئاخوندەکان دەسپێرن.

بەم پێیە، دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە ئاخوندێکی تازە پێگەیشتوو، مانگانە زیاتر لە یەک میلیۆن تمەن داهاتی هەیە.