لانیکەم ٢٣٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر و بانگهێشت کراون

20:07 - 30 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەلکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگریی خەڵکی کۆبانی و مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە رۆژی چوارشەممە ریکەوتی ١٥ی رەزبەرەوە دەستی پێکرد و پاشان شارەکانی دیکەی گرتەوە.

خۆپیشاندانەکان بە چەشنێتک بوون، کە هەر لە دەستپێکەوە خەڵک بەدەم بانگەوازی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کوردەوە لە شارەکانی مەهاباد،، کرماشان، سەقز، سنە، ورمێ، کامیاران، دیواندەرە، دێولان، بانە، سەردەشت، رەبەت، پاوە، روانسەر، جوانرۆ، پیرانشار، بیجاڕ و ئیلام هاتنە سەر شەقام و بە دروشمی \"هەتا کوردێ بمێنێ، کوردستان هەر دەمێنێ\" پشتیوانییان لە خەڵکی کۆبانی کرد.

هەروەها لە شاری تارانیش خەڵک هاتنە سەر شەقام و پشتیوانییان لە خەڵکی کۆبانی دەربڕی.

لە هێندێک لە شارەکان بەهۆی هەڵسووکەوتی دوولایەنەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەمەڕ بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکان، ئاڵۆزی هاتە ئاراوەو لە ئەنجامدا خۆپیشاندەران بەدەستی هێزە ئەمنییەکان سەرکوت کران.

چالاکێکی سیاسیی کوردی دانیشتووی ورمێ سەبارەت بە پشتیوانی کردنی هێندێک لە بەرپرسان لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندبوو؛ \"ناوەندە سیاسی – ئەمنییەکان دەیانویست بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ خۆیان وەکوو بەڕێوەبەر و رێکخەری ئەو خۆپیشاندانانە لە قەڵەم بدەن\".

سەرەڕای دۆخی ئەمنیەتی، خەڵک بەشێوەی بەرین بەشداریی لە خۆپیشاندانەاندا کرد و بەهۆی هەوڵی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەردا گرتنی خۆپیشاندانەکان و بەربەرەکانێی هاووڵاتییان، شەپۆلی دەستبەسەر کردن دەستی پێکرد.

زۆربەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت مەریوان و سنە، بەهۆی وتنەوەی دروشمی \"نەمان بۆ دیکتاتۆر و نەمان بۆ پشتیوانانی داعش\"، میلیتاریزە کران و هێزەکانی گاردی تایبەت بۆ پێکهێنانی دۆخی ترس و تۆقاندن لە شەقام و شوێنە گشتییەکان جێگیر کران.

راپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرکرنی دەیان خۆپیشاندەر، لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە دەکەن.

دەستبەسەرکراوان

\"22797.jpg\"
ئامارێکی دروست لەمەڕ دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران لەبەر دەستدا نییە. زۆربەی راپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران دەکەن و تەنیا ئاماژەیان بە ناوی ژمارەیەک لەدەستبەسەرکراوان کردووە.

ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتەکانیدا باسی لە دەستبەسەر کردنی ٥٠ کەس لە مەریوان، ٢٠ کەس لە بۆکان، ٦ کەس لە رەبەت، ٩ کەس لە سنە، ٣ کەس لە کرماشان و ٢ کەس لە تاران کردووە. زۆربەی ئەو کەسانە بە مەبەستی لێپێچینەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و گوازراونەتەوەو چارەنووسی بەشێک لەو کەسانە وەک ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری چالاکی خوێندکاری و بواری منداڵان، نادیارە.

کەمپەینی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیش ژمارەی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراوی لە شاری سنە ٢٠ کەس و بەگشتی لە ئوستانی کوردستاندا ٥٠ کەس راگەیاندبوو.

ئەو سەرچاوەیە، باسی لە دەستبەسەرکرانی ١٢ خۆپیشاندەریش لە شاری مەهاباد کردبوو.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان ٥ چالاکی کوردیان لەبەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی تورکیا لە شاری ورمێ کردووە. شەهرام کازمیان، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی شاری ورمێ بوو، کە لەکاتی سووتاندنی ئاڵای تورکیا درایە بەر لیدانی هیزە ئەمنییەکان و کامێراکەی لەلایەن هیزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

ئەرسەلان چەڵەبی، شعیری کوردی خەڵکی بۆکان و سێ کەسی دیکە بەناوەکانی هێمن عەبدوڵڵاپوور، پەیمان و عەتا دەستبەسەرکراوانی خەلکی شاری بۆکان بوون. هەروەها ٦ کەس بەناوەکانی هیوا کەریمی، شاهۆ عومری، خەبات ئەمیریت، ئومید غوڵامی، هێمن محەمەدی، فوئاد باپیری و دانیال وەحدانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەشاری سنە دەستبەسەر کراون. پێشتریش سێ خوێندکاری پەیمانگەی یەزدانپەنا لە سنە بەهۆی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکاندا دەستەبسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران، کە ناوی یەکێک لەو خوێندکارانە مەهدی حوسێنی راگەیاندراوە.

خەبات مەنگوڕی، بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەی مەهابادیش یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بەشداری خۆپیشاندانی شاری مەهاباد بوو.

سیروان سالح‌زادە، خەلکی گوندی بێتووش و خوێندکاری رشتەی زانستە سیاسییەکان، ژیان بەیگزادە و وریا قازی‌زادە کە خوێندکاری زانکۆ بوو، لە شاری سنە دەستبەسەر کران.

بانگهێشتکراوان

\"22798.jpg\"
ئاژانسی کوردپا پێشتر ژمارەی هاووڵاتییان و چالاکنی فەرهەنگیی بانگهێشتکراوی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، زیاتر لە ٥٠ کەس راگەیاندبوو، کە لە ماوەی رۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ و ١٨ی رەزبەردا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

سیمین چایچی و کلسووم عوسمان‌پوور، دوو ژنە شاعیری کوردی خەلکی شاری سنە بەهۆی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەردا بانگهێشتی ئیتلاعات کرابوون و بەو هۆیەوە بەرەوڕووی لێپێچینەوە بوونەوە.

هەروەها بەهۆی هەوڵی خویندکارانی زانکۆی ورمێ و زانکۆی ئازادی ئیسلامی لەو شارە بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی نارەزایەتی و مانگرتن لەمەڕ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، ٣٠ کەس لە خوێندکاران بانگهێشتی ئیتلاعاتی ورمێ کران و بەلێنیی نووسراوەیان لێ ئەستێندرا.

لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران لە شاری ورمێ و مەرهاباد، باتۆم و گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوەو بەوهۆیەوە دەیان کەس بەدەستی ئەو هیزانە بریندار کراون.

دەگوترێ کە لە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانەی کە دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆر و کۆبانی تەنیا نییە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر خۆپیشاندەران و بڵاوەیان پێکردوون.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە بەشدارانی خۆپیشاندانی شاری مەریوان بە کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی راگەیاندبوو، هاوولاتیاینی مەریوانی لە سەرەتادا دروشمەکانیان سەبارەت بە کۆبانی بوو، بەڵام پاش ئەوەی لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە سەرکوت کران، دروشمەکانی خەڵک بەرەوڕووی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران بوویەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لە تێکڕای شارەکانی کوردستان دروشمەکانی کۆبانی تەنیا نییە، بژی کوردستان، کۆبانی تۆ شەرەفی کوردانی گوتراوەتەوە.

لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە خۆپیشاندانەکاندا

\"22799.jpg\"
چالاکانی خوێندکاریی کورد و چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی دیکەی وەکوو تاران کۆبوونەوەی بەرینی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و لە زانکۆکانی شیراز، تەورێز، بووعەلی لە هەمەدان، زانست و تەکنۆلۆژی، ورمێ، کوردستان، کەماشان و زانستە پزیشکییەکان لە مازندەران خوێندکاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو.

کامران مەتین، مامۆستای پەیونەدییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسکسی بریتانایا لە پەیامێکدا هاوخەمیی و پشتیوانیی خۆی لەگەڵ کەمپەینەکە راگەیاندبوو و بە مانگرتن لە خواردن هاوڕێیەتیی کەمپەینەکەی کردبوو.

زیندنایانی سیاسیی کوردیش لە زیاتر لە ١٠ زیندنای حکوومەتی ئیسلامیدا لە شارەکانی ورمێ، بەندەر لەنگە، زاهیدان، قوروە، یەزد، میناب، رەجایی شار، سنە و تەبەس، بە شێوەی سەمبولیک بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆراگریی خەڵکی کۆبانی مانیان لە خواردن گرتبوو. زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بەیاننامەیەکیان بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی بڵاو کردەوەو هاوکات محەمەد حوسێن رەزایی زیندانیی سیاسیی کورد لە نامەیەکدا هێرشی تیرۆریستانی بۆسەر خاکی کوردستان مەحکووم کردبوو.

ناوی ژمارەیەک لە زیندانیانی مانگرتوو محەمەد عەبدوڵڵاهی، کەیوان داودی، مەنسوور ئاروەند، مەولووی یەزدانپەنا، عەلی مواردی، کەماڵ شەریفی، محەمەد حوسێن رەزایی، ئەفشین سۆهراب‌زادە، کەتیم مووسازادە، ئەسعەد سڵاواتی، شاکیر عەیان‌پوور، والی دروودی، عومەر ئیمامی، عەلی ساڵحی و محەمەد مواردی راگەیاندرابوو.

محەمەد سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانیش لە پەیامێکدا لە زیندانی ئێڤینەوە، داوای لە کۆڕ و کۆمەڵە ئینساندۆستەکان کردبوو بۆ رێگری کردن لە کارەساتی ئینسانی لە کۆبانی، هەولەکانیان بخەنە گەڕ.

ئەنجومەنی قوربانیانی چەکە کیمیاییەکان لە سەردەشتیش لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە خۆڕاگریی خەلكی کۆبانی دەربڕیبوو.

هەروەها لاپەڕەی کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جێ مەهێڵن\"، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە، کە دەیان نووسەر و چالاکئ فەرهەنگی و هونەری لە کوردستان و ئێران وێرای پشتیوانی کردن لەو کەمپەینە، داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردبوو، کە بە هانای خەڵکی کۆبانییەوە بچن.

ئەسغەر فەرهادی، فەریاد شیری، داریووش مێهرجوویی، عیسا سەعەرخیز، مێهرداد عیمادی، مەحبووبە میرغەدیدری، عەلیڕەزا مەجابی، محەمەد کەشاوەرز، عەباس موخبیر، حەسەن سانعی و پیگاه ئیقباڵ زادە کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جێ مەهێڵن\"یان واژۆ کردبوو.

١٤ کەسایەتیی کورد و ئێرانی بەناوەکانی نەسرین ستوودە، سیاوەش حەیاتی، ئیجلال قەوامی، دوکتور فەریبورز رەئیس دانا، دوکتور حوسێن ئەحمەدی نیاز، دکوتور ئەسعەد ئەردەڵان، دوکتور قوتبەدین سادقی، دوکتور هیرمیداس باوەند، دوکتور ئەدیب بروومەند، دوکتور رەحیم فەرەهمەند، ئیسماعیل موفتی‌زادە، مەحموود مەحموودی، حامید فەرازی و فەردین کەمانگەر بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خۆراگریی خەلکی کۆبانی ماوەی ٣ رۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

سی چالاکی دیکەی کورد بەناوەکانی عامید کۆنەپۆشی، بێهرووز چەمەن‌ئارا، و فاتح سەعیدی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆیان لە فەیسبووک پەیوەست بوونی خۆیان بە رەوتی مانگرتوانی پشتیوان لە کۆبانی راگەیاندبوو.

شەهرام نازری و سەدیق تەعریف، هونەرمەندانی ناسراوی مۆسیقای کوردستانیش تێکەل بە رەوتی مانگرتوانی پشتیونای کۆبانی ببوون.

لە شاری مەریوانیش ١٨ کەس لە چالاکانی ژنان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ناڕەزایەتییان بە هێرشی داعش بۆ سەر خاکی کوردستان دەربڕی و هاوخەمی و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ خەلکی کۆبانی دەربڕی.

شەهێن محەمەدی، بەهێ دەستان، سورەیا رەستگار، فریشتە یەمنی، هەتاو یەمنی گوڵنار روینە، گێلاس مەریوانی، قەدری محەمەدیان، بۆشرا کۆنەپۆشی، پەرییا کۆنەپۆشی، نەسرین فەرازی، گەلاوێژ قادری، جیهان حیسمەتی، حەمیدە مورادی، چیمەن جوانڕۆیی، حەمیدە دانیش، ئاهوو کەریمی، هێرۆ نەژادی، ئەو چالاکە ژنانە بوون کە بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانییان لە خەلکی کۆبانی دەربڕیبوو.

سیمین چایچی، ئیحترام ئیشقی، پەروین زەبیحی، شادی نەزەرییان، رۆیا مەلەکی لە شاری سنە، بەیاننامەی پشتیوانی لە کۆبانییان واژۆ کردبوو.

٢٠٩ کەس لە چالاکانی کۆمەڵایەتی لە تەورێزیش بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشەکانی داعش و بێ دەنگیی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە هەمبەر هێرشی داعش بۆسەر خەڵکی کۆبانی، پشتیوانیی خۆیانیان راگەیاندبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ناوەندە مەدەنییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە مەترسییەکانی هێرشی داعش بۆ سەر خەلكی کۆبانی هۆشدارییان دابوو.

لەو بەیاننامەیەدا، کە لەلایەن ١٣ رێکخراوی مافی مرۆڤی وەک کەمپەینی بەرگری لە مافی مرۆڤەوە واژۆ کرابوو، هاتووە؛ پشتیوانیی ئینسانە ئازادیخوازەکان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان لەم دۆخە هەستیارەی ئیستادا لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد، دەبێتە هۆکاری رێگرتن لە خولقانی تراژیدیایەکی دیکەی ئینسانی.