لانیکەم ٥ هاووڵاتیی دیکە لەپێوەندی لەگەڵ نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کران

17:02 - 7 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی کوردستان لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا بە دەیان چالاکی مەدەنییان بانگهێشت، دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی خاکەلێوە، دوو کەس لە بەڕێوەبەرانی جەژنی نەورۆزی سنە لەلایەن \"هێزی ڕێکخراوی حەفازەت ئیتلاعاتی ناجا\"ـوە دەستبەسەر کران.

ڕێوڕەسمی نەورۆزی ٩٦ بڕیاربوو لە گوندی \"حەسەن ئاوای\" نزیک سنە بەڕێوە بچێت.

\"رامین
ڕامین ساڵحی
هەواڵدەریی کوردپا شوناسی ئەو دوو چالاکە مەدەنییەی بە؛ \"ڕامین ساڵحی\" و \"جەلال خوداکەرەمی\" ڕاگەیاند.

دەوترێت کە؛ کەرەستە و ئامادەکارییەکانی جەژنەکە لەلایەن هێزی تایبەتی حەفازەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ڕێوڕەسمەکە هەڵوەشاوەتەوە.

سەرچاوەکانی کوردپا باس لە \"هاوکاری و هاوڕێیەتی\" کەسانی گرێدراوی گرووپە سەلەفییەکان لەو هێرشکردنە بۆ سەر ڕیوڕەسمی نەورۆزی حەسەن ئاوا لە شاری سنە دەکەن.

هاوکات لە کامیاران و سنە ڕاپۆرت دەگات کە؛ دوو چالاکی مەدەنی بەناوەکانی \"سەعید یووزی\" و \"ساڵح ئەمانی\" لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لەچارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە \"چپ‌گرا\" زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە ڕاگیرانی ئەوان لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە دەکەن.

\"سعید
سەعید یووزی و خالید حوسەینی
کۆتایی ئەو حەوتوویەش یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتی بە پێکهێنانی ڕێکخستنە کرێکارییەکان لە سنە بۆ حەفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامی بانگهێشت کراوە.

\"خالید حوسەینی\" لەپاش بانگهێشتی بەنووسراوە، کەسانی ئەمنیەتی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

هەروەها هەندێ سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە؛ دوابەدوای بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆزی سەقز لە گوندی \"ئایچی\"، لانیکەم ١٠ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە کۆنەی کوردەواری بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگهێشت کراون کە ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ڕاستیی ئەو گرتنە پشتڕاست بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێردراوەکانی هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەکانی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا و لە ڕۆژەکانی پاش نەورۆزدا، لانیکەم ٢٧ هاووڵاتیی کورد لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی جێژنی کەونارای نەورۆز و کەڵکوەرگرتن لە \"جامانە\"، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پشتبەستن بە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری ئاژانسی کوردپا بۆ ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەئەژمار دێن.