قەرارگای شارامفەر هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران کرد

11:45 - 2 پووشپەڕ 2721

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای شارامفەر لە شاری سنە، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران کردووە کە لە ئەگەری هەر جموجۆڵێکدا، بە توندی وڵام دەدرێنەوە.

ئەو قەرارگای سپای پاسدارانە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاندووە: "چەند ڕۆژ پێش لە هەڵبژاردن، لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە خۆجێییەکانی ئەو قەرارگایە، ئەو هێزە لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی شۆڕش، لە ناوچەی سەوڵاوا و بانە تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوونە و ٥ کەس لە دژبەرانی شۆڕش لەو شەڕانەدا، کوژراون".

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەی قەرارگای هێزی زەوینیی سپای بەیتوڵموقەدەسدا هاتووە: "سەرەڕای برینداربوونی ٣ کەس لە ئەندامانی گرووپە دژبەرەکانی شۆڕش، هێندێک کەرەستەی نیزامی لەلایەن هێزەکانی ئەو قەرارگایە دەستی بە سەردا، گیراوە".

قەرارگای شارامفەر هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە: "هەر جۆرە دەسدرێژی و جموجۆڵێک، لەگەڵ وڵامی توندی ئەو قەرارگایە بەرەڕوو دەبنەوە".

ڕاگەیاندراوی قەرارگای شارامفەر، لە حاڵێکدایە کە، هەتا ئێستا هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران، ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەیان پشتڕاست نەکردووە و لە ئەستۆ نەگرتووە".