قۆرخکردن و بەخشینی زەوییەکانی دەوروبەری ئاویەر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

16:32 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی کوردستان لە هەنگاوێکی نایاساییدا، زەوییەکانی دەوروبەری کێوی ئاویەر دەبخشێتە فەرمانبەرەکانی سەر بەو ئیدارەیە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی ئاگادار، لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی کوردستان لە سنە، زەوییەکانی کێوی ئاویەری پلاک بەندی کردووە و وەکوو دەستخۆشانە و پاداشت بەسەر فەرمانبەرەکانی خۆیدا دابەشی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان، زەوییەکانی حەوتی ئاسیاب و جادەی خدری زیندەی لە کێوی ئاویەر داوەتە پێرسۆنێلەکانی خۆی.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو زەوییانە رووبەرەکانیان ٥٠٠ میتری و هەزار میترین و بە شێوەی باڵاخانە و وێلایی پارچە پارچە کراون.

ئەو هەوڵەی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی کوردستان ناڕەزایەتیی بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە و بەکارهێنەران خوازیاری بەدواداچوونی ناوەندە پێوەندیدارەکان بۆ ئەو پرسە بوون.

پێشتریش ئیدارەی گشتیی ئاوادانکردنەوە، زیاتر لە سەد پارچە زەویی لە تەنیشت نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، گەڕەکی شارەکی زانکۆی سەقز و شارەکی گوڵشەن و تەوحید لە شاری بانە بە مەبەستی بەخشین بە کەسانی تایبەت، قۆرخ کردبوو.

ژمارەیەک لەو زەوییانە کە ئیدارەی ئاوادانکردنەوە قۆرخی کردوون، موڵکی چالاکانی سیاسی دەرەوەی ئێرانن و بە پشتیوانیی وەزارەتی ئیتلاعات دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەو ناوەندە حکوومەتییە ئەو زەوییانە بە خۆرایی و بێ بەرامبەر بەسەر کەسانی ناخۆجێیی دابەش دەکات.

خزم و کەسە نزیکەکانی خاوەنی ئەو زەوییانە سەبارەت بە هەوڵی ئیدارەی ئاوادانکردنەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ دژکردەوە و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەرەوروو بووەتەوە.