قوربانییانی ڕووداوی کار لە ئێراندا، ٧.٥ لەسەد بەرزبووەتەوە

11:15 - 22 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە ئێراندا، ٧.٥ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، ژمارەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەست داوە، لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٨٩٨ کەس کە بەنیسبەت هاوشێوەی ساڵی ڕابروو، ٧.٥ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ٦ مانگی ساڵی ٨٧دا، ٨٣٦ کرێکار لە ئێراندا بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار و ٨ کەس لەوان، ژن بوونە.

لە کۆی گشتیی ئەو ٨٩٨ کرێکارە کە گیانیان لەدەست داوە، ٣٥٤ کەس بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٢٣٢ کەس بەهۆی بەرکەوتنی شتی قورس، ١٤٠ کەس بەهۆی کارەباگرتوویی، ٧٨ کەس بەهۆی سووتاوی، ٤٣ کەس بەهۆی خنکان لە کەمیی ئۆکسیژێن و هەروەها ٥١ کەسی دیکە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەست داوە.

زۆرترین ڕووداوی کار لە پارێزگای تاراندا ڕوویداوە.

ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر، لە لایەن ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە کە لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٤ هەزار و ٢٠٠ کەسیش بەهۆی ڕووداوی کار بریندار بوون و لە کۆی گشتیی ئاماری برینداربووانی ڕووداوی کار، ٦٤٩ کەسیان ژن بوونە.