قوربانی بوونی ورچێک بە هۆی کەمتەرخەمی ئیدارەی ڕیگا و شارسازی

14:26 - 24 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە کاتی پەڕینەوە، لە جادەی نێوان کرند_ سەرپێڵ زەهاو، بە هۆی لێدانی ماشێنی بارهەڵگرەوە، ورچێک لەو ناوچەیە بە کوشت چوو.

بەپێی هواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی نەگرتنەبەری ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ پەڕینەوەی ئاژەڵەکان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی و سرنج نەدانی شۆفیرەکان، یەکێک لە ورچە دەگمەنەکانی ناوچەی داڵاهۆ بە کوشت چوو.

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری داڵاهۆ بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاند؛ ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٠ی شەو ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەر ڕوویداوە.

بە وتەی عەلی ئەشرەف عەلیپوور، ئیدارەی ڕێگا و شاری سازی، لە گوندی سەرمێل هەتا گوندی سەرچقا بە درێژایی پێنج کیلۆمێتر بلوکی سیمانی( گاردریل) بە کاربردووە کە هیچ ئاژەڵێک ناتوانێت لەو شوێنە هاتوچۆ بکات.

عەلیپوور لە درێژەدا دەڵێت؛ ئەو ورچە لەگەڵ دوو بەچکەکەی لەکاتی پەڕینەوە لە لای ڕاستی بۆ لای چەپ بۆ ئاوخواردنەوە لەگەڵ بەربەستی گاردریل بەرەوڕوو دەبنەوە، و ماشینێکی بار هەڵگر لێ دەدات و دەستبەجێ لە ناو دەچێت.

ناوبراوە لە درێژەدا ڕخنە لە ئیدارەی ڕێگا و شاری سازی پارێزگای دەگرێت و دەڵێت: نە تەنیا لە ئاستی شاری داڵاهۆ بەڵکوو لە تەواوی شارەکانی پارێزگای کرماشان، ڕووداوی لەو چەشنە بەرۆکی ژینگەی ئاژەڵانی گرتووە.

هەروەها ئەو بەرپرسە گوتی، ئەگەر لە لای سەرپێڵەوە بۆ شاری شائاباد بڕۆین کەلاکی ئاژەڵەکانی وەک چەقەڵ دەبینین و سەرەڕایی پەیوەندیی گرتن لەگەڵ ئیدارەی ڕێگا و شارسازی بۆ چارە سەر کردنی ئەو کێشەیە، هەتاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکیان لەو باریەوە، بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان هەڵ نەگرتووە.

شاری داڵاهۆ لە دوو بەخشی ناوەندی و گاوارە پێکهاتووە و لە ٩٩ کیلۆمێتری شاری کرماشان هەڵکەتووە کە بە یەکێک لە ژینگە لەبارەکان بۆ ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان لە زاگرۆس دەناسرێ.