قوتابخانەیەك لە خوراسان 15 ساڵە بێبەرییە لە رێگای هاتوچۆ

15:48 - 11 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: دەبیرستانی ئیمام سەر بە شاری \"كەلات\" لە خوراسانی رەزەوی 15 ساڵە بێبەشە لە رێگای هاتۆچۆ و قوتابیان ناچارن بۆ چوون بۆ قوتابخانە لە رووبارێك بپەڕنەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا لە خوراسانی رەزەوی، بۆ چارەسەریی ئەم كێشەیە 7 مانگ لەمەوپێش بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی خوراسان هاتۆتە سەردانی ئەو قوتابخانەیە و لە دوورە چاوی لەم دەبیرستانە كردووە و بڕیاری داوە لە ماوەی یەك حەفتەدا ئەو گرفتە چارەسەر بكات.

بەڵام دوای تێپەڕینی حەوت مانگ هێشتا قوتابییانی دەبیرسانی كەلات لەگەڵ گرفتی رێگاوبان بەرەو روون.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە بەهۆی خراپیی رێگا هێندێ‌لە قوتابیان و مامۆستایان دەست و لاقیان شكاوە و بەو بۆنەشەوە چەند حەفتەیەك كلاسەكان داخراون.

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وەرزی سەرما و بەهۆی بارینی بەفر و باران و كەشی ساردی ئەو ناوچەیە نێگەرانیی قوتابییان زیادی كردووە.
شاری كەلات لە باكووری رۆژهەڵاتی خوراسان و لە 150 كیلۆمیتریی شاری مەشهەد هەڵكەوتووە و نزیك بە 8 هەزار كەس حەشیمەتی هەیە و زۆرینەی حەشیمەتەكەی بە زمانەكانی كوردی، توركی، لوڕی و فارسی قسە دەكەن.