قوتابخانەکانی ناوچەی سۆما و برادۆست داوای پارەی زۆرملی لە قوتابیان دەکەن

22:21 - 14 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرێوەبەرانی قوتابخانەکانی ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێ، داوای پارەیان لە قوتابیان کردەوە و گوشاریان بۆ بنەماڵەی ئەو قوتابیانە هێناوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی ناوچەی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ، داوای پارەیان لە قوتابیان کردەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاند: لە هێندێک لە قوتابخانەکانی ناوچەی سۆما، بەڕێوەبەڕانی قۆتابخانەکان داوای بڕی ١٥ هەزار تمەنیان لە قوتابیان کردووە.

بنەماڵەی یەکێک لە قوتابییەکان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان هەڕەشەیان کردەوە کە ئەگەر لە موڵەتی دیاری کراودا ئەو بڕە پارەیە نەدەن، ئەو بڕە پارەیە زیاد دەکەن بۆ ٢٠هەزار تمەن و دەبێ ئەو پارەیە بدەن.

هەموو ساڵێک لەبەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان و لەکاتی ناونووسیی قوتابییاندا و هەروەها لەکاتی دانەوەی کارنامەدا، لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، بە بیانووی جۆراوجۆر پارە لە قوتابیان وەردەگیرێت.

هەروەها، بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابیان، هەڕەشەیان لەو قوتابیانە کردەوە کە؛ لە کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا، لە نمرەکانیان کەم دەکەنەوە و تەنانەت لە قوتابخانەیش دەریان دەکەن.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە؛ بە پێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و پڕۆسەی خوێندن دەبێ بە بەلاش و بە بێ وەرگرتنی پارە بێت.

بەوتەی چالاکانی فەرهەنگی، وتنەوەی بەردەوامی ئەو ڕستەیەی کە \"وەرگرتنی پارە لە قوتابیان نایاساییە\" لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، وەکوو دروشمی لێهاتووە و وای کردووە کە لە نێوان بنەماڵەکان و لێپرسراوانی قوتابخانەکاندا کێشە و ئاڵۆزی دروست ببێ‌، ئەو چالاکانە لەو باوەڕەدان، پێویستە وەزارەتی پەروەردە بۆ خۆی سزای ئەو کەسانە بدات کە بە زۆرە ملی پارە لەقوتابیان دەستێنن.