قاسم سلێمانی ١٢ فەرماندەری نیزامیی ئەرتەشی ئەسەدی لەسیدارە دا

19:07 - 27 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەل بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەربڕینی ٢١ هاووڵاتیی مەسیحی بەدەستی داعش، ١٢کەس لە هێزەکانی ئەرتەشی سووریا بە دەستی قاسم سلێمانی لە ئوستانی دەرعا لەسێدارە دران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢ کەس لە هێزە نیزامییەکانی ئەرتەشی سووریا، کە سەرجەمیان پلەی ئەفسەرییان هەبوو، بە تۆمەتی \"خەیانەتی نیزامی و پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ئەسەد\" لەسێدارە دران.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ ئەو ئەفسەرانەی ئەرتەشی سووریا، لە کاتێکدا لەسێدارە دراون کە قاسم سلێمانی فەرماندەری سوپای قودس بۆ چاوەدێری بەسەر شەڕەکاندا چۆتە ئوستانی دەرعای سووریا.

هاوکات لەگەڵ چوونی قاسم سلێمانی بۆ دەرعا، فەرماندەی شەڕەکانی ئەرتەشی سووریا لە ناوچەکانی ابشووری ئەو وڵاتە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ دژبەرانی دەوڵەتی ئەسەد\" لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە.

لەکاتی دەستپێکردنی شەڕەکانی سووریاوە، حکوموەتی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییانی لوبنانی، ئەفغانی، ئێرانی و چەندین وڵاتی دیکەشی وەکوو بەکرێگرتە و لەژێر ناوی \"پارێزەرانی مەزارگەی ئایینییەکانی سووریا\" بۆ شەڕ کردن لەگەڵ دژبەرانی حکوومەتی ئەسەد، رەوانەی خاکی سووریا کردووە.

دەرعا یەکێک لە ئوستانەکانی باشووری وڵاتی سووریایە و مەزارگەی \"زەینەب\" کە بە یەکێک لە شوێنە زیارەتی و ئایینی‌یەکانی پەیڕەوانی شیعە دادەندرێت، لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا هەڵکەوتووە.