فەرهاد محەممەدی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

11:35 - 25 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، فەرهاد محەممەدی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشتی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی سنە کرا و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ئەو پارێزەرە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ ١٠ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

فەرهاد محەممەدی، نێوەڕاستەکانی مانگی جۆزەردانی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

لقی١ی دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" ئەو حوکمەی بەسەر ئەو پارێزەرەدا سەپاندبوو.

ئەو پاریزەرە پلە یەکەی دادگوستەری، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، پاش بانگهێشتی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو ٤ی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا و ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ پاش ٦ مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوو.