فەرهاد تاری مورادی بۆ زیندانیی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرا

16:47 - 16 رەزبەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەر، فەرهاد تاری مورادی، خوێندکاری کارناسی باڵای جواغرافیای سیاسیی زانکۆی پەیام نووری شاری سنە، بۆ تێپەرانەندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

ئەو خوێندکارە خەڵکی شارەکی بەهارانی شاری سنەیە کە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لەگەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "پوویا فەیزی کوڕی مەحیەدین، فواد قارەمانی کوڕی تۆفیق، فواد عینایەتی کوڕی عەلائەدین، ئیبراهیم ئاقایی کوڕی عەبدولقادر، محەممەد شەهبازی کوڕی خوسرەو، ئەحمەد مواردی کوڕی عەبدوڵڵا و ڕەزا ڕەجایی کوڕی عەلی ئەکبەر" لە لقی ١٠٤ دادگای کەیفەری ٢ی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئومیدی" بە ٨٠ مانگ زیندان و ٥٩٢ زەربە قامچی مەحکووم کرابوون.

ئەو ٨ هاووڵاتییە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تاوانبار و هەر کامیان بە ٧ مانگ و ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرابوون.

بە فەرهاد تاری مورادی ڕاگەیاندراوە کە لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچییەکەی جێبەجێ دەکرێت.

ئەو ٨ هاووڵاتییە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیی لە مەڕ پشتیوانی ڕۆژئاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

لەو دۆسیەیەدا، "محەممەد شەهبازی" خەڵکی شاری سەمیرەم سەر بە پارێزگای ئیسفەهان و "ڕەزا ڕەجایی" خەڵکی شاری ئیسفەهانن.

"فواد عەنایەتی" لەو دۆسیەیەدا بە ١٠مانگ زیندانی و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی  مەحکووم کرابوو، مانگی ڕەزبەری ٩٨ دەسبەسەر و پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری، مانگی بەفرانبار هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچی لە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فواد عینایەتی" لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە جێبەجێ کرا.

دادنامەکانی ئەو ٨ هاووڵاتییە کوردە لە لایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارێزراوە.