فەرماندەی ئەرتشی ئێران: بە تەواوی هێزەوە پشتیوانی لە حكوومەتی سووریە دەكەین

15:25 - 29 خاکەلێوه 2712
كوردپا: فەرماندەی ئەرتشی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ حكوومەتی سووریە پێوەندیی نیزامیمان نیە، بەڵام بە تەواوی هێزەوە پشتیوانیان لێ‌ دەكەین.

\" ساڵحی\" فەرماندەی گشتیی ئەرتشی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران وتی: ئێمە دڵنیاین كە ئاشتی و ئاسایش باڵ بەسەر وڵاتی سووریەدا دەكێشێت و ئەمریكاش بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ‌ هێرش بكاتە سەر ئەو وڵاتە.

ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە بە بەردەوامی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بە پشتیوانیی سەرەكیی بەشار ئەسەد لە قەڵەم داوە.

ئەو لێدوانانەی فەرماندەی ئەرتشی حكوومەتی ئێران لە حاڵێك دایە كە چەند رۆژ لەمەوبەر كەشتیی \"ئاتلانتیك كروزر\" كە هەڵگری ژمارەیەكی بەرچاوی چەكوچۆڵی ئێرانیی بوو، لە بەندەری \"ترتووس\"‌ی سووریە دەستی بەسەردا گیرا.

ئەو كەشتییە لە بەندەری \"جیبوتی\" ئەركی گواستنەوەی ئەو چەكوچۆڵە ئێرانیانەی بۆ وڵاتی سووریە وەئەستۆ گرتووە و لە ئەنجامدا لە بەندەری \"ترتووس\" دەستی بەسەردا گیراوە.

بە وتەی كەشتیوانەكە بڕیار بوو ئەو چەكوچۆڵانە لە ئێرانەوە بۆ سووریە بگوازرێتەوە و دواتریش تەحویلی حكوومەتی سووریە بدرێت.