فەرماندەی ناجا: لە چوارشەممە سووریدا رووبەڕووی هەرچەشنە كۆبوونەوە و شادییه‌ک دەبینەوە

15:15 - 18 رەشەمه 2711
كوردپا: فەرماندەی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری جێژنی چوارشەممە سووریدا رایگەیاند، رووبەڕووی هەرچەشنە شادی و خۆشییەكی خەڵك دەبنەوە.

ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم بە رەخنەی توند لە گرتنەبەری رێكاری ساڵی پێشووی شارەوانییەكان لەمەڕ دیاری كردنی شوێنی تایبەت بۆ ئاگركردنەوەی هاووڵاتییان، ئاشكرای كرد: ئەو جۆرە كردەوانە زەمینەی \"بێ‌نەزمی\" و \"خەسار\" بوون و وتوویە: داوا لە خەڵك دەكەم كە لەو رۆژەدا هەتا لای ئێوارە كاروباری كڕین ئەنجام بدەن و خێرا بڕۆنە سەروەختی مناڵەكانیانەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەمەوە بە ئاماژە كردن بە دۆزینەوەی 9 تون مادەی \"تەرەقە\" لە ساڵی پێشوو و گەیشتنی ئەم رێژەیە لە ئەمساڵدا بە 16 تون، وتوویەتی: جێژنی چوارشەممە سووری دەبێ‌لە ماڵان و بە كەرەسەی رێگە پێدراو و بێ‌مەرتسی بەڕێوە بچێت.

فەرماندەی ناجا لە درێژەدا باسی لە گەڵاڵەی نەرۆزی بە هاوكاریی 500 هەزار كەس لە مەئموورانی ئینتزامی و هێزەكانی فریاگوزاری لە 24ی رەشەممە كرد و وتی: پۆلیس بۆ دابین كردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی كە خەڵك لێی نیشتەجێ‌دەبن، دەستی داوەتە زیاد كردنی دانانی گەشتی ئەمنیەتی و ئەخلاقیی نهێنی و بە توندی كۆنترۆڵیان دەكات.

ئەحمەدی موقەدەم لە حاڵێكدا باس لە ئامادە باشیی هێزەكانی بۆ دابین كردنی ئەمنیەتی هاووڵاتییان دەكات كە ناوبراو هەر لەو كۆنفرانسەدا باسی لە چوونە سەری ئاستی فەرهەنگیی هاووڵاتییان كردووە و بە فەرمی دژایەتیی هێزی ئینتزامیی لەگەڵ شایی و خۆشیی خەڵك دەربڕی، كە ئەم قسەیەی لەگەڵ هەڕەشەكانی بە تەواوەتی لە دژایەتی دان.