فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا وتوویەتی ئێمە لە ناوچە کۆڵبەرمان نییە

12:12 - 3 رەزبەر 2720

فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاندووە ئێمە لە ناوچە کۆڵبەرمان نییە و نوێنەران و بەڕێوەبەران وتەکانی دوژمنانمان دووپات دەکەنەوە.

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "دەوڵەت پێشی بە ڕێگاکانی کۆڵبەران گرتووە و کەسانێک کە لە دەرەوەی ڕێگاکان بە ناوی کۆڵبەرییەوە چالاکی دەکەن، مەشرووبات و چەکوچۆڵ دەگوازنەوە کە ئەوانەش قاچاغن".

فەرماندەی قەرارگای حەمزە لەو کۆنفرانسەدا، وتوویەتی: "خەڵک بەهۆی کێشەی ئابووری بە شوێنی کوشتنی کوڕەکانیان نین، خوێنی قاچاغچی لە ئەستۆی خۆیانە".

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها، ئاماژەی بە وتەکانی نوێنەران و بەڕێوەبەران کردووە و ڕایگەیاندووە: "هێندێک لەو کەسانە بە ئاگایانە یان نائاگایانە، دروشم دەدەن کە کۆڵبەر کوژراوە، تەنیا وتەکانی دوژمنان پشتڕاست دەکەنەوە".

لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە نیزامییە لە گەڵ میدیاکان، لە حاڵێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش، لە سنووری نەوسوود چوار کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کران و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندبوو: پاش بریندارکردنی ئەو چوار کۆڵبەرە، بەرپرسانی نیزامییە دەنگۆیان بڵاو کردبووە کە ئەو کەسانە بە شێوەی نایاسایی خەریکی بەزاندنی سنوور بوونه.