سپای پاسداران میلیتاریزەکردنی کوردستان چڕتر دەکاتەوە

11:29 - 13 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی سپای "بەیتولموقەددەسـ"ـی پارێزگای سنە، سەردانی بەرزاییەکانی کۆساڵانی کرد.

ڕۆژی هەینی، ١٢ی ڕەزبەر، "محەممەد حوسێن ڕەجەبی"، فەرماندەی سپای پاسدارانی "بەیتولموقەددەسـ"ـی پارێزگای سنە، سەردانی پایگاکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کۆساڵانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پایگایانە کۆبووەوە.

فەرماندەی "بەیتولموقەددەسـ"ـی پارێزگای سنە لە بەرزاییەکانی کۆساڵاندا ڕایگەیاند: "زەمانێک ئێرە شوێنی جموجۆڵی دژبەرانی حکوومەتی ئێران بووە و هەنووکە هیچ جموجۆڵێک لەم شوێنە بەدی ناکرێت".

"محەممەد حوسێن ڕەجەبی" وتیشی: "ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداراندایە".

لە ساڵی ٩٥ و پاش ئەوەیکە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، چالاکیی خۆیان لە کوردستانی ئێران زیاد کرد، شەڕ و تێکەڵچوون لە نیوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی سپای پاسداران زۆرتر بووەتەوە.