فەرماندەی سنوورپارێزیی پارێزگای سنە هەڕەشەی لە کاسبکاران کرد

11:56 - 19 خاکەلێوه 2721

"عەلیڕەزا مەرزبانی"، فەرماندەی سنوورپارێزیی پارێزگای سنە لە دانیشتنێکدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشنوێژەکانی هەینیی شاری بانە، ڕایگەیاند: "بەهۆی ڕەوانەکردنە دەرەوەی مەڕوماڵات لەلایەن قاچاخچییەکانەوە، لەگەڵ ئەگەری کەمبوونەوەی مەڕوماڵات بەرەوڕوو دەبینەوە و لەو پەیوەندییەدا، هێزە سنوورپارێزەکان دەبێت لەگەڵ قاچاخچییەکان هەڵسوکەوتی توندیان هەبێت.

"مەرزبانی" لەو دانیشتنەدا هەروەها ڕایگەیاند: "بەپێی یاسا ئەگەر کەسێک لە خاڵی سنووری هوشدارەکانی سنوورپارێزەکانی لە بەرچاو نەگرت، مەئموورانی سنووری ئیزنیان هەیە لەگەڵ ئەو کەسانە بە توندی هەڵسوکەوت بکەن".

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها ڕایگەیاند: "دوژمنانی ئێمە بە کەڵکوەرگرتن لە شەڕی ئابووری هاتوونە گۆڕەپانی شەڕ لەگەڵ خەڵکی ئێران و دەبێت مامۆستاکان لە ناوچە سنوورییەکاندا، لەسەر پرسی شتومەکی قاچاخ ڕۆشنگەری بکەن".

فەرماندە سنوورپارێزەکانی پارێزگای سنە هەروەها وتوویەتی: "کەمتەرخەمی لە ئامۆژگاریکردنی ئایینی خەڵک و هێرشی فەرهەنگی و پیلانی دوژمنان بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشێک لە شتومەکی قاچاخ بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو و ڕێکخراو لە سنوورەکانەوە دەهێنرێتە وڵاتەوە".