فەرمانداری شنۆ هەڕەشەی لە دانیشتووانی نەڵۆس و دێگورجی کرد

11:50 - 3 جۆزەردان 2721

لەسەر سکالای فەرمانداری شاری شنۆ، چەند هاووڵاتیی خەڵکی "نەڵۆسـ"ـی ئەو شارە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو چەند هاووڵاتییەی بە ناوەکانی "عەلی قادرزادە، حوسێن ئەمیر عەشایری، شەهاب بابوولی، موراد عەلی مەحبووب، هیوا ئەفرووزە و ڕەحمان جەسووری" ڕاگەیاندووە.

 ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا لە درێژەدا وتوویەتی: "فەرمانداری شاری شنۆ، هەڕەشەی لە دانیشتووانی گوندی "دێگورجی" کردووە کە لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕین، لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات بەرەوڕوو دەبنەوە".

ئەوە سەرچاوەیە هۆکاری بانگهێشتکردن و هەڕەشەی فەرماندار و شارەداری شنۆی بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە و زبڵ و خاشاکەکانی شاری شنۆ و بەخشی نەڵۆس، لە شوێنێک بە ناوی "کانی شیلان" گەڕاندووەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: "فەرمانداری شنۆ "مام عەزیزی" بە دانیشتووانی نەڵۆس و گوندی دێگورجی ڕاگەیاندووە کە بە هەر جۆرە گوشار و ئازاردانی خەڵکیش بێت، من ئەو پاشماوەیە لە کانی شیلان خالی دەکەم".

لە لایەکی دیکەوە، جێگیری فەرمانداری شنۆ بە ناوی "تەمری"، هەڕەشەی لە خەڵک کردووە لە ئەگەری ڕیگریکردنی ئێوە لەو کارە، گران بۆتان تەواو دەبێت.