فەرمانبەرێکی زانکۆی کرماشان بە بیانووی بێڕیزی بە قاسم سلێمانی دەسبەسەر کرا

17:32 - 27 سەرماوەز 2720

دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی فەرمانبەری یەکێک لە زانکۆکانی کرماشان کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بێڕێزیی بە "قاسم سلێمانی" کردووە.

بەوتەی "شارام کەرەمی"، ئەو هاوولاتییە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا، بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێدا، بێڕیزیی بە قاسم سلێمانی کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو فەرمانبەرەی زانکۆی کرماشانیان پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ گرتنگەی هێزی دادوەری ڕاگواستووە.

"شارام کەرەمی" هەروەها لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیرنا" ڕایگەیاندووە کە "بێڕیزی هێڵی سووری دەزگای قەزاییە و لەگەڵ هەر جۆرە بێڕێزییەک بە توندترین شێوە هەلسووکەوت دەکەین."

ئەو بەرپرسە قەزاییە هەروەها دەڵێت: "ئەو کەسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە نیسبەت قاسم سلێمانی بێڕێزی کردووە و دەسبەجێ پاش بەدواچوون، دەسبەسەر کراوە".