فەرزاد سامانی و ساکار عەینی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزران

11:16 - 12 جۆزەردان 2721

شەوی سێشەممە ١١ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی، لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ٩٩، پاش نزیک ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

فاروق سامانی برای فەرزاد سامانی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا، هەواڵی ڕاگواستنی براکەی و ساکار عەینی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی پشتڕاست کردەوە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی، لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا و درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرییەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، دەستی دابووە مانگرتن.

دادوەر غوڵامی، دادوەری لقی ٣ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بۆ شەشەمین جاری یەک لەداوای یەک، ماوەی دەسبەسەریی فەرزاد و ساکار عەینیی درێژ کردووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، فەرزاد سامانی، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، "ساکار عەینی"، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.