فەرزاد سامانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ دەستی داوەتە مانگرتن

11:29 - 11 جۆزەردان 2721

لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ٩٩ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، دەستی داوەتە مانگرتن.

فاروق سامانی برای فەرزاد سامانی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاندووە: "براکەم لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا و درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرییەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، دەستی داوەتە مانگرتن".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "دادوەر غوڵامی، دادوەری لقی ٣ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بۆ شەشەمین جاری یەک لەداوای یەک، ماوەی دەسبەسەریی فەرزاد، ساکار عەینی و دوو کەسی دیکەی کە ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراون، درێژ کردووەتەوە".

فاروق سامانی ئەوەشی خستە ڕوو کە براکەم فەرزاد، لە چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بوویەتی ڕایگەیاندووە کە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، لەژێر گوشاردایە.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتوویەتی: "گیانی فەرزاد، ساکار و دوو نەفەرەکەی دیکە لە مەترسیدایە".

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، فەرزاد سامانی، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، "ساکار عەینی"، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.