فەرانەک جەمشیدی چالاکی ژینگەیی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

16:35 - 20 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، فەرانەک جەمشیدی، چالاکی ژینگەیی و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان خەڵکی شاری سنە، پاش ١٣٥ ڕۆژ لە گرتنگە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، بۆ ماوەی سێ مانگ و ١١ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات و کانوونی چاککردنەوە و پەروەردەیی سنە ڕاگیرابوو و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بۆ بەندی ژنان لە کانوونی چاککردنەوە و پەروەردەیی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە ژینگەییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو و هەروەها بڕیاری دڕێژکردنەوەی دەسبەسەریەکەی بۆ ٥ جار درێژ کرابووە.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی فەرانەک جەمشیدی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، ئەو چالاکە ژینگەییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتیییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان وەک کامپیۆتێر و موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

"فەرانەک جەمشیدی" پاییزی ساڵی ٩٧، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت کرا و سەبارەت بە چالاکییەکانی خۆی و هاوژینەکەی "ئارمین ئیسپرلوس" کە لەو کاتەدا دەسبەسەر کرابوو، لێپرسینەوەیان لێ کردبوو.