فەرانسە/ پێشانگایەکی دیکومێنتاری لەسەر ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی ساڵی ٦٧بەرێوەچوو

22:26 - 4 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: پێشانگایەکی دێکۆمێنتاری لە سەر ئێعدام کردنی زیندانییانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە وڵاتی فەرانسە بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥ ئاگوست بەرامبەر بە ٤ی خەرمانان، پێشانگایەکی دیکومێنتاری لە ژێر ناوی \"جنایت\" لەلایەن شارەداری دووهەمی پاریس، سەبارەت بە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بەرێوەچوو.

لەو پێشانگایە بەڵگە و وێنەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و بەڵگەیەک وەک فتوادانی خومینی لەو پێشانگایە پێشان درا.

ئەو پێشانگایە هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەیی فایلی دەنگی ئایەت ئەڵڵا مونتەزێری جێنشینی خومینی کە لە بەشداربوونی ئەندامی \"هیئت مرگ\" یا بەرێوەبەرانی ئەو قەتل و عامە کارەساتە بارە بووە، بەرێوەچوو.

بەڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگیە لەلایەن مونتەزێریەوە ناڕەزایەتی هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی لێکەوتەوە.

ئەو کاسێتە دەنگیە کە لەگەڵ دژکردەوەی هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی بەرەوڕوو بووتەوە، کوڕی ئایەت ئەڵڵا مونتەزێری لە وڵامی توڕەیی بەرپرسانی حکوومەتی گوتوویەتی: ئامانج لە بڵاوکردنەوەیی ئەو فایلە دەنگیە وڵامێک بۆ هێندی لە ڕەخنەگەران و چەواشەکارانی مێژوو کە خەریکی دروست کردنی مێژوون.

جەک بۆتۆ، شارەداری دووهەمی پاریس لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئێمە ئەمڕۆ لە پاریس کۆبووینەتەوە و پێشانگایەکی دیکومێنتاری لە کارەساتێکی ئازارئاوای کە ٢٨ ساڵ لەو پێش ڕوویداوە بەرێوە ببەین.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی؛ دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە بەرپرسانی ئێرانی و ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە سامناکە کە دژی \"عاشقانی ئازادی \"بوون بە خەڵکی دیکە بناسێنین.

هەروەها وەزیری پێشووی مافی مرۆڤی فەرانسە داوی کرد کە تاوانباران و بەرێوەبەرانی ئەو کارەساتە لە دادگای نێونەتەوەیی دادگای بکرێن.

لەو پێشانگایە دا کەرەستەی قوربانیان و پێشە دەستییەکانیان کە ئەو کات لە زیندان دابوون دروستیان کردبوو، پێشان درا.