فیلمی سینەمایی "پیش بەفر بارین" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی نۆروێژ نمایش دەکرێت

12:31 - 26 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: فیلمی سینەمایی \"پێش بەفر بارین\" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد \"هیشام زەمان\" لە ٢٣مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی \"ترۆمسۆ\" لە وڵاتی نۆروێژ نمایش دەكرێت.

بەپێی هەواڵی بەشی راگەیاندنی فیلمی سینەمایی  \"پێش بەفر بارین\" سەر لە ئێوارێی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوەتی ٢٦ی بەفرانبار بە ئامادە بوونی ئەو دەرهێنەرە کوردە لە ٢٣مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"ترۆمسۆ\" لە وڵاتی نۆروێژ دەچێتە سەر پەردەی نمایش کردن.

\"10731.jpg\"
پێش بەفر بارین\" فیلمێکە سەبارەت بە خێزان، خۆشەویستی، بەها و نامووس کە بە کورتی باس لە ژیان و بەسەرهاتی کوڕیکی لاو دەکات کە بە زۆرێک لە وڵاتاندا دەگڕێ و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نەریت و کولتوورە بیانییەکانەوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"ترۆمسۆ\" بە بەشداری زۆربەی وڵاتان لە ئاستی جیهاندا بۆ ماوەی ٥ رۆژ لە ولاتی نۆروێژ بەڕێوە دەچێت کە بڕیارە لە سەرەتای کرانەوەی ئەو فێستیڤاڵەدا فیلمی سینەمایی \"پێش بەفر باین\" نمایش بکرێت.

ئەو فیلمە سینەماییە بە سپۆنسەری ٢ شیکەتی ئاڵمانی و نۆروێژی و بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە دەرهێنان و فیلمنامەنووسیی هێشام زەمان بەرهەم هاتووە.

هێشام زەمان لە شاری کەرکووک لە دایک بووە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا کوردستانی جێهێشتووە و دواتر خوێندنی لە پەیمانگای فیلمی نۆروێژ تەواو کردووە و گەورەترین سەرکەوتنی لە دروست کردنی کورتە فیلمی \"باوکە\" و نمایش کرانی ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵی گریمستاد لە ساڵی ٢٠٠٥دا بەدەست هێنا.