فیلمی "جنایت بی‌دقت" لە دەرهێنەری شارام موکری خەڵاتی شیکاگۆی بەدەست هێنا

12:37 - 3 خەزەڵوەر 2720

فیلمی "جنایت بی‌دقت" لە دەرهێنەریی دەرهێنەرێکی کورد خەڵکی شاری کرماشان، بە ناوی "شارام موکری" لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی شیکاگۆ، خەڵاتی "هۆگۆی زیوی" بەدەست هێنا.

ئەو فیلمە لە ٥٦ـەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی شیکاگۆ لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر هەتا ٤ی خەزەڵوەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پیشان دەدرێت.

ئەمە دووهەمین خەڵاتە کە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان دەدرێت بە فیلمی "جنایت بی‌دقت".

پێشتریش، ئەو فیلمە خەڵاتی باشترین فیلمنامەی ئۆرجیناڵی ئەنجومەنی ڕەخنەگرانی سەربەخۆی لە ڤێستیڤاڵی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتالیا بەدەست هێنابوو.

ناوەڕۆکی ئەو فیلمە پەیوەندیی بە سینماوە هەیە و سەبارەت بە بینەرانە کە پێش لە دەستپێکردنی بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو فیلمە دەردەبڕن و چیرۆکی فیلمەکەی و بۆچوونی بینەران پێکەوە گرێدراوە.

"شارام موکری" لەدایکبووی ٢٦ی گەلاوێژی ساڵی ٥٧ی هەتاوی لە کرماشانە و خوێندنی باڵای لە بەشی "دەرهێنەری" لە زانکۆی "سوورە" وەرگرتووە و لە ساڵی ٩٠ی هەتاویدا، یەکەم چالاکیی خۆی لە کورتە فیلمی فارسیی "طوفان سنجاقک" دەست پێکردووە.