فیلمی \"تەپڵ\" ی کەیوان کەریمی براوەی نازناوی فیلمی سەرکەوتووی ٢٠١٦ بوو

13:55 - 9 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: فیلمی \"تەپڵ\"، بەرهەمی کەیوان کەریمی، داکیۆمێنتسازی خەڵکی شاری بانە، لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە لە ڕیزی ١٠ فیلمی سەرکەوتووی ساڵی ٢٠١٦دا جێی گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣٠ کەس لە سینەماکاران، نووسەران، ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان، لە ڕوانگەی خۆیانەوە، پێرستێکیان لە ١٠ فیلمی سەرکەوتووی ساڵی ٢٠١٦ ڕاگەیاندووە.
شایانی باسە کە فیلمی \"تەپڵ\"ی کەیوان کەریمی لەو پێرستەدا جێی خۆی کردۆتەوە.

میشێل فرۆدۆن، جولیانۆ ووچیلینی، جۆنا نازارۆ، ڕافائێل میل، فێدێریکۆ ڕووسین، جان کارلۆ مارچینی، مارک جۆستی، جوانا برانکا، کریستیانا پیچینۆ، جولیانا موشوو، ژۆزێف سیدا، ماتسینۆ مۆنتیناری، ئالبێرتۆ مۆمۆ، تۆماس مارتینلی لەو کەسانەن کە دەنگیان بە فیلمە هەڵبژێردراوەکانی ئەو پێرستە دەوە.

فیلمی \"تەپڵ\"، ساڵی ڕابردوو لە فێستیڤاڵی فیلمی \"ڤێنیز\" سەرنجی زۆرێک لە ڕەخنەگرانی نێونەتەوەیی فیلمی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو.

کەیوان کەریمی داکیۆمێنتسازی خەڵکی بانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی سێی سەرماوەز بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزای دەزگای دادوەریی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.

ئەم دەرهێنەرە ٣٠ ساڵەیە لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە تاوانبار کراوە بەوەی کە بە چێ کردنی فیلمی \"نووسین لەسەر دیوار\"، سووکایەتی بە پیرۆزایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

ناوبراو بە هۆی ئەو تۆمەتەوە، سزای ساڵێک زیندانی تەعزیری، ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٢٢٣ قامچی بەسەردا سەپا.

کەیوان کەریمی، دەرچووی بواری کارگێڕیی میدیا و برای هونەرمەندی ناسراوی کورد، زیندەیاد تەها کەریمییە.