فیشە چەند سەد میلیۆنییەکان ئاخوندەکانیشی وەزاڵە هێناوە

16:41 - 2 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هەرچەند ماوەی چەند مانگێکە هەندێک لە ڕاگەیەنەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات باسیان لە ڕیسوایی ماڵیی دەوڵەتی ڕووحانی لەپێوەندی لەگەڵ دانی مووچە و حەقدەستی چەند دە میلیۆنی و چەند سەد میلیۆنی بە بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی کرد، بەڵام دیسان پاش قسەکانی حەسەن ڕووحانی، ئەم پرسە بووە بە ڕۆژەڤ و هەندێک لە ئاخوندەکانیشی هێناوەتە دەنگ.

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە ڕاگەیەنەکانی سەر بە باڵی بناژۆخوازی ڕێژیم بڵاویان کردۆتەوە، چەندین بەڕێوەبەر لە کۆمپانیاکانی بیمە و بانکە دەوڵەتییەکان، لە ماڵی مفت و هەڵڕژاو بۆیان دەخۆن و تەخشان و پەخشانی بەسەرەوە دەکەن؛ عەلی سدقی بەڕێوەبەری بانکی ڕفاهی کرێکاران، تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی کۆتایی ساڵی ٩٤دا، زیاتر لە ٢٣٠میلیۆن تمەن پارەی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا وەرگرتووە، حەسەن فەڕۆخی بەرپرسی بەشی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی بانکی ڕفاه، ٣ مانگ جارێک بڕی ٦٠٠میلیۆن تمەن پارەی وەک پاداشت وەرگرتووە، فەرشید فەڕۆخ نژاد و جەواد مۆحەقێق نیا، ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی بانکی ڕفاه، هەموو مانگێک بڕی ١٧ میلیۆن تمەنی بێ باج دەڕژێتە نێو حیسابەکانیانەوە، بڕی ٥٥٠میلیۆن تمەن وەک پاداشت بە لێژنەی بەڕێوەبەریی بانکی سادرات و ٣٠٠ میلیۆن تمەنیش هەر بەم ناونیشانە بە لێژنەی بانکی تجارەت دراوە؛ بانکی خاورمیانەش بۆ وەدوا نەکەوتن لەم گەمە داراییە، بڕی ٩٦٠میلیۆن تمەنی لە ژێرناوی بەڕێوەبردنی ٢ دانیشتن لە لایەن ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری، پێشکەش بەم بەڕێزانە کردووە.

لەم پێوەندییەدا ئاخوند محەممەدڕەزا زائێری لە نووسراوەیەکدا ڕەخنەی لەم گەندەڵییانە گرتووە و دەڵێ: هۆکاری سەرهەڵدانی هەموو ئەم گەندەڵییانە خۆمانین.

پێشتریش \"غوڵامعەلی جەعفەرزادە\" ئەندامی کۆمیتەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو: \"تەوەرەکانی گەندەڵی لە پەروەندەکانی لێکۆڵینەوەکانمان ئەوەندە زۆرن کە دەترسین ئاشکرا کردنیان ببێتە هۆی خەسار و زەرەر بۆ سەر نیزام\"؛ ناوبراو وتوویەتی: لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوت ئەو دەوڵەتەی کە بانگەشەی \"پاکدستی\" دەکات، یەکێکە لە گەندەڵترین دەوڵەتەکان کە بەداخەوە زۆربەی هەرەزۆری ئەم گەندەڵییانە بە ئەنقەست کراوە، واتە کەسانێکی خاوەن دەسەڵات بە ئاگاهییەوە دەستیان داوەتە گەندەڵکاریی ئابووری.