فرانت لاین دیفێندێرز حوکمی سەپاو بە سەر زارا محەممەدیی مەحکووم کرد

12:43 - 1 رەشەمه 2720

فرانت لاین دیفێندێرز، حوکمی سەپاو بە سەر زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژینـ"ـی مەحکووم کرد.

فرانت لاین دیفێندێرز، لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم حوکمە تەنیا بەبۆنەی چالاکییە ئاشتیخوازانەی مافی مرۆیی و یاسایی ئەو لە زانیاری‌گەیاندن لەبارەی مافی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کەمینە نەتەوەییەکانە کە لە ئەسڵی ۱٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران بە ڕاشکاوی باسی لێوە کراوە.

حوکمی دە ساڵ زیندانیی تەعزیریی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهنگی ـــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مستەفا تەیاری"، بۆ پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا.

"زارا محەممەدی"، بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، ۱۰ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

دوایین دادگاییکردنی "زارا محەممەدی" ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٨، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چووبوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانییەکەی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٩٨، زارا محەممەدی بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

زارا محەممەدی"، ٢ی جۆزەردانی ٩٨، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و هەتا ١٠ی جۆزەردانی هەمان ساڵ لە شوێنیکی نادیار لە ژووری تاکەکەسیدا بوو و دواتر بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و شوێنی ڕاگیرانەکەی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیندرا. دواتر زارا محەممەدی، لە ڕەوتی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی، وتبووی کە لە ماوەی ئەو هەشت ڕۆژە کە لە ژووری تاکەکەسیدا بووە لەژێر گوشاردا بووە هەتا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگرن.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ٩٨، "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی کورد، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی پارێزەرەکان و بنەماڵەکەی، بۆ کۆبوونەوەی دادڕەسی بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە ڕاگوێزرابوو کە دواتر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە دوا کەوت.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە دژکردەوە بەرانبەر بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوەکانی زارا محەممەدی، ڕایگەیاندبوو: " زارا محەممەدی لە کاتێکدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی، ڕاهێنانی منداڵان بە زمانی کوردییە."