عەلی زولفی بە دانانی بارمتە لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

11:50 - 3 رەشەمه 2720

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی زولفی" کوڕی حەمزە و خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

عەلی زولفی، پاش دەسبەسەرکردنی لە پەیوەندیی تەلەفوونی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

شەوی سێشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و نابراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی "عەلی زولفی"، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە.