عەلی بەزازی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:36 - 7 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی بەزازی"، کوڕی ئیسماعیل و خەڵکی گوندی "زێوە" سەر بە پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕ ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاشان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

عەلی بەزازی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

هەتا ئێستا، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.