عەباس جەماڵی: خوسرەو کوردپوور کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا / درێژ کردنەوەی ماوەی دەستبەسەریی برایانی کوردپوور بۆ جاری سێیەم تەئید نەکراوە

21:29 - 25 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: خوسرەو کوردپوور بەرپرسی ئاژانسی خەبەریی موکریان پاش ٢٥ رۆژ مانگرتن، سەرئەنجام رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ لەسەر داوای پاریزەرە و بنەماڵەکەی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی ‌هێنا.

عەباس جەماڵی پاریزەری ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە کوردە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە ماوەی دەستبەسەر کردنەکەیان لەلایەن بازپورس بۆ ٢ مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەئید نەکراوە.

\"12721.jpg\"
عەباس جەماڵی پاریزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور
جەماڵی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە ناڕەزایەتیمان سەبارەت بەو بڕیارە دوەربڕیوە و بەشێوەی یاسایی سکاڵامان لەسەر تۆمار کردووە، بەڵام گومانی ئەوە دەکرێ بڕیاری درێژ کرانەوەی ماوەی ئەو حوکمە بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ئەو پاریزەرەی برایانی کوردپوور راشیگەیاند\" هەتا ئیستا چەندین جار داوای چاوپێکەوتنمان لەگەڵ مەسعوود و خوسرەو کوردپوور کردووە، بەڵام هەتا ئێستاش هیچ وەڵامێکی ئەرێنیمان پێ نەدراوەتەوە.

رێکەوتی ٣٠ خاکەلێوە خوسرەو کوردپوور رۆژنامەنووسی کورد و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی پەروەندەکەی مانی لە خواردن گرتبوو.

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.

هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی پارێزەر و بنەماڵەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو ٢ رۆژنامەنووسە کوردەیان رانەگەیاندووە.