عیرفان مۆرتەزایی بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بانە کرا

16:34 - 27 سەرماوەز 2720

لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بانە، هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "عیرفان مۆرتەزایی" تەمەن ٣٢ کوڕی عیزەتوڵڵا، خەڵکی شاری سەقز بانگهێشت کرد.

دادسەرای گشتی و و ئینقلابی شاری بانە، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی ''هاتوچۆکردن بە شێوەی نایاسایی لە سنوور'' بانگهێشت کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ماوەی ٥ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کە بۆ دوایین داکۆکیی لە خۆی، لە لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بانە، ئامادە بێت.

 "عیرفان مۆرتەزایی"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوە"جەواد مستەفایی" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگا ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە "ئەندامیەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و دەرچوونی ئەم حوکمە بۆ ئەم هاووڵاتییە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارە ئیتلاعاتی سەقز بووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرابوو.

ئەم هاووڵاتییە سەقزییە ٢١ی خەزەڵوەر بە بێ نیشاندانی بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

"عیرفان مۆرتەزایی" پێشتر ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ماوی ٤ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزدا دەسبەسەر بووە.

ئەم هاووڵاتییە مانگی جۆزەردان دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چوار مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.