عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی لە سەقز دەسبەسەر کران

12:53 - 26 بانەمەڕ 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "عوسمان ئیسماعیلی" و "مەحموود ساڵحی"، خەڵکی سەقز دەسبەسەر کران.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، پاش سەردانیان بۆ لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بۆ داکۆکی لە خۆیان لەمەڕ تۆمەتی وەپاڵدراویان دەسبەسەر کران.

لێپرسی دۆسیەی ناوبراوان ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، پاش دادگاییکرانیان لە گرتنگە بەسەر دەبەن.

ئەو چالاکە کرێکارییانە، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی وێنە و ویدیۆی پەیوەندیدار لەگەڵ ١ی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار" دادگایی کراون و لێپرسی دادسەرا، بۆ ئازادکرانی هەر کامەیان بارمتەی ٤٠ ملیۆن تمەنیی دیاری کردووە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، بەنیسبەت ئەو بارمتەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە هیچ جۆرە بارمتەیەکیان قەبووڵ نییە.

عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، چەند ڕۆژ پێش بانگهێشتنامەی ئامادەبوون بۆ لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقزیان بۆ داکۆکی لەمەڕ تۆمەتی وەپاڵدراویان، وەرگرتبوو.