عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزران

10:43 - 27 بانەمەڕ 2721

عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز و دیاریکردنی بارمتە بۆ ئازادیی کاتییان، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کران.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام، بەڕێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و بڵاوکردنەوەی وێنە و ویدیۆی پەیوەندیدار بە ئەو ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، پاش سەردانیان بۆ لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بۆ داکۆکی لە خۆیان لەمەڕ تۆمەتی وەپاڵدراویان دەسبەسەر کران.

لێپرسی دۆسیەی ناوبراوان، بۆ ئازادکرانی هەر کامەیان بارمتەی ٤٠ ملیۆن تمەنیی دیاری کردووە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، بەنیسبەت ئەو بارمتەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە هیچ جۆرە بارمتەیەکیان قەبووڵ نییە.

عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، چەند ڕۆژ پێش بانگهێشتنامەی ئامادەبوون بۆ لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقزیان بۆ داکۆکی لەمەڕ تۆمەتی وەپاڵدراویان، وەرگرتبوو.