عوسمان موزەیەن: \"لە یاسای ئێراندا هیچ جیاوازییەک لە نێوان منداڵان و گەورەساڵان لەبەرچاو نەگیراوە\"

14:26 - 7 سەرماوەز 2714

 

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٥ ساڵ بەسەر تەواوبوونی شەڕی نیوان ئێران و عێراقدا کێڵگە مینەکان خاوێن نەکراونەتەوە، بەردەوام هاووڵاتییانی مەدەنی و بەتایبەتی منداڵان لەو کێڵگە مینانەدا دەبنە قوربانیانی تەقینەوەی مین.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە پیرانشار ٦٥ پەروەندەی تەقینەوەی مین لە فەرمانداری بایگانی کراوە، کە هیچکامیان کۆمیسیۆنی ماددەی ٢یان بۆ پێکنەهاتووەو لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن ناوەند و لایەنە پەیونەدیدارەکانەوە هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێ نەدراوە.

عوسمان موزەیەن لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی؛ لە دانیشتنی رۆژی رابردووماندا لەگەڵ ئوستانداریی ورمێ، باسمان لە پێکهێنانی کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ کە تایبەت بە قوربانیانی مینە، کردووە و خوازیاری چالاک بوونی ئەو کۆمیسیۆنە بووین.

لەسەرەتای شەڕی ئێران و عێراقدا یاسایەک بەناوی کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ بە مەبەستی پشتیوانی لەو هاووڵاتییانەی کە لە مەیدانی جەنگدا دەکەونە سەر مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ، پەسند کرا، کە بەو پێیە هەر کەسێک بەهۆی تەقینەوەی مین بکوژرێ یان کەمئەندام ببێت، پێویستە لە ئوستانداری کۆمیسیۆنێکی بۆ پێک بێت و ئەگەر کوژرا دەبێ وەکوو \"شەهید\" لە قەڵەم بدرێ و ئەگەریش کەمئەندام و بریندار بوو، دەبێ راددەی کەمئەندامییەکەی دیاری بکات و بکەوێتە ژێر سێبەری هاوکاریی سازمانی بێهزیستی یان کۆمیتەی ئیمداد.

\"23348.jpg\"

 

عوسمان موزەیەن: لە یاسای وڵاتی ئێراندا هیچ جیاوازییەک بۆ قوربانیانی تەقینەوەی مین لە نێوان منداڵان و گەورەساڵان لەبەرچاو نەگیراوە


لە مەجلیسی پێشوودا بڕیار درا کە ئەو کۆمیسیۆنە لە فەرمانداریی شارەکان پێک بێت و ئەگەر کەسی قوربانی پێشینەی تاوانی (سابقەی کیفری)، پێشینەی گەندەڵی نەبێت بسەلمێندرێ کە خەمساردیی نەکردووە، خزمەتگوزارییەکان بیگرێتەوەو بکەوێتە ژێر چەتری سازمانی بێهزیستی یان کۆمیتەی ئیمداد.

بەگوتەی پارێزەری قوربانیانی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاش، ئەو کۆمیسیۆنانە لە شارەکانی کوردستان، کە زۆرترین رووداوەکانی تەقینەوەی مینیان تێدا روو ئەدات، لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا پێک نەهاتوون و ئەگەریش پێک بێن، کەسی قوربانی هیچ مافێکی پێ نادرێ.

بەپێی زانیارییەکی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە فەرمانداریی پیرانشار ٦٥ پەروەندەی قوربانیانی تەقینەوەی مینی لێیە، کە هیچ کامێکیان کۆمیسیۆنی ماددەی ٢یان بۆ پێکنەهاتووەو لەگەڵ ئەوەشدا پەروەندەی هەموو قوربانیانی مین بەبێ بەڕێوەچوونی کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ بایگانی کراون.

بە گوتەی عوسمان موزەیەن، لە یاسای وڵاتی ئێراندا هیچ جیاوازییەک بۆ قوربانیانی تەقینەوەی مین لە نێوان منداڵان و گەورەساڵان لەبەرچاو نەگیراوە، کە منداڵانی نشکاش کە بەهۆی تەقینەوەی مین بوونە قوربانی، هیچ جیاوازییەکیان بۆ لەبەر چاو نەگیرا.

گوتووشیەتی؛ بوونی ئەو یاسایە ئەوە لە کاتێکدایە، کە ئەو منداڵانە ناغافل بوون و سەرقاڵی کایە کردن بوون و هیچ ئاگاداری و شارەزاییەکیان لەسەر مەسەلەی مین و مەترسییەکانی نەبوو.

رۆژی پێنج شەممە ئەم حەفتەیە، عوسمان موزەیەن و حوسێن ئەحمەدی نیاز، دوو پارێزەری کورد، کە دەستیان بە بەدواداچوونی دۆسیەی کوشتاری کۆڵبەران و قوربانیانی تەقینەوەی مین لە کوردستان کردووە، لەگەڵ ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا کۆبوونەوە.