"عادڵ موكەڕەم" لەهەمبەر پشتگوێخستنی داواکارییەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

16:13 - 27 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، "عادڵ موکەڕەم" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە کوردە لە ساڵۆنی زیندانی ورمێ لە پێش چاوی دادوەری چاوەدێری و جێگیری زیندان، ئاگری لە خۆی بەرداوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: "لاقی ڕاستی ئەو زیندانییە بەهۆی ئاگرەکەوە بەسەختی بریندار بووە و ناوبراو لە بێهداریی زیندان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە".

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، "عادڵ موکەڕەم" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ، پاش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە دووبارە مانی گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر ئەو زیندانییە سیاسییە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

دادوەری چاوەدێری زیندان، بەرپرسی زیندان، ناوەندە ئەمنییەتی و کارناسی دۆسیەکەی، بەڵێنیی پێڕاگەیشتنیان بە دۆسیەی "عادڵ موکەڕەم" دابوو.

ئەو زیندانییە لە کاتی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی ڕایگەیاندبوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی دووبارە مان دەگرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. هەروەها پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

بڕیار بووە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو زیندانییە "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بەزاندنی نایاسایی سنوور" ڕاگەیەندراوە.

"عادڵ موکەڕەم" سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.