عادڵ موکەڕەم کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا

10:41 - 17 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر، "عادڵ موکەڕەم" زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ، لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، دادوەری چاوەدێری زیندان، بەرپرسی زیندان، ناوەندە ئەمنییەتی و کارناسیی دۆسیەکەی، بەڵێنیی پێڕاگەیشتنیان بە دۆسیەی "عادڵ موکەڕەم" داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "عادڵ موكەرەم" ڕایگەیاندووە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی دووبارە مان دەگرێتەوە.

ئەو زیندانییە کوردە پاش کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێ ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. هەروەها پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

قەرار بووە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو زیندانییە "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بەزاندنی نایاسایی سنوور" ڕاگەیەندراوە.

"عادڵ موکەڕەم" سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.