عادڵ موکەڕەم لە زیندانی ورمێ دەستی دایە خۆکوژی

16:30 - 29 رەزبەر 2720

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، عادڵ موکەڕەم، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ، لە ژووری تاکەکەسیدا دەستی داوەتە خۆکوژی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر بۆ نەشتەرگەری و شۆردنەوەی گەدەی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، "عادڵ موکەڕەم" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە گرتووخانەی ورمێ، پاش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە دووبارە مانی گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر ئەو زیندانییە سیاسییە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

دادوەری چاوەدێری زیندان، بەرپرسی زیندان، ناوەندە ئەمنییەتی و کارناسی دۆسیەکەی، بەڵێنیی پێڕاگەیشتنیان بە دۆسیەی "عادڵ موکەڕەم" دابوو.

ئەو زیندانییە لە کاتی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی ڕایگەیاندبوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی دووبارە مان دەگرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. هەروەها پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

بڕیار بووە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو زیندانییە "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بەزاندنی نایاسایی سنوور" ڕاگەیەندراوە.

"عادڵ موکەڕەم" سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.