عادڵ موکەڕەم لە زیندانی ورمێ بە دوورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت

10:21 - 14 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "عادڵ موكەڕەم" خەڵکی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. ئەو زیندانییە پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

قەرار بووە ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو.

تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو زیندانییە "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بەزاندنی نایاسایی سنوور" ڕاگەیەندراوە.

"عادڵ موکەڕەم" سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.