عادڵ موکەڕەم لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

12:02 - 28 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، عادڵ موکەڕەم، زیندانیی سیاسی؛ پاش ١٠مانگ و ١٩ ڕۆژ، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، حوکمی یەکساڵ زیندانیی تەعزیری بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دادگایی‌کردنی ئەو زیندانییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەڕێوەچوو و لقی ٢ی دادگایی ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، ناوبراوی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، "عادڵ موکەڕەم" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە گرتووخانەی ورمێ، پاش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە دووبارە مانی گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر ئەو زیندانییە سیاسییە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەو زیندانییە لە کاتی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی ڕایگەیاندبوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی دووبارە مان دەگرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. هەروەها پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

بڕیار بووە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو.

"عادڵ موکەڕەم" سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا .